ئەی مــوعـەللـیم
ئەی موعەللیم،ئەی چرای ژین
لە تۆ نەخشە ھێما و ئەوین
کاتێ دەستم دەستی پێنووست ئەگرێ
فانووسی فیکرم لە تاوەری نەخشینت دەنیشێ
کاتێ ھەنگی خولیام سەرمەست و مەدھۆش دەبێ
پەپوولەی یـادم
بەرەو ئاسمانی زێرینت ھەڵدێ
کاتێ چاوت لەسەر دڵی مەشقی شێعرم نەزەر دەکات
مەلی ھەستم بەرەو ژوانگەی سەر بەشینت ھەنسک.... ھەنسک وارێدەکات
باش دەزانم
وتە کانت: وردە یاقووتی بەر بارانە
وردەخەندەی ئێوارانت: دنکە تەرزەی سەر دارانە
ئەوا سینەم سەردەفتەری وێردەکانــی شەوانتە
دڵم مەکۆی ھەڵفرینی کۆترەکانی سەر بارگای ئامانجتە
ئوا چاوم جێ جەولانی سۆمای پاکی چاوانتە
سەفحەی سینەم،لەوحی ڕوونی بەرھەتاوی جارانتە
ئەوا دڵم،دڵتای عەشقی شەرحە ... شەرحی یاد مانتە
بۆقەدری تۆ ، غونچەی دڵم،چەپکە گوڵــی گوڵدانــتە